نیویۆرک تایمز: گرووپە چەکدارەکان بە نیازی پەلاماردانی بنکەکانی ئەمەریکان لە عێراق و سووریا
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە؛ لەدوای هێرشەکانی ئەمەریکاوە بۆسەر ئێران لە 22ـی ئەم مانگە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەیانەوێت پەلاماری بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، بە دیاریکراوی لە سووریا و عێراق، بدەن.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ئامادە دەکەن.
ڕۆژانەمەکە ئەوەشی لەزاری بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، ئەم گرووپانە لەنێویاندا کەتایب حزبوڵڵا و بەرەی مقاوەمە لە عێراق، پلانی ئۆپەراسیۆنیان هەیە بۆ هێرشکردن بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
بەپێی هەواڵێکی واشنتن پۆست، بنکەی ئەمەریکا لە عەین ئەسەد لە ئەنبار بە یەکێک لە شوێنە هەرە لاوازەکان دادەنرێت، لەگەڵ بنکەکانی لە قەتەر، بەحرەین، کوەیت، ئیمارات و لەوانەیە سووریاش .
ئەم هەنگاوانە لە وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکادا دێت کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، ئەمەش وایکرد بەرپرسانی واشنتن ئاستی هۆشیاری لە ناوچەکەدا بۆ ئاستێکی بەرز بەرزبکەنەوە و ئەگەری هەیە هێرشی پێچەوانە وەک ڕێگرییەک دەستپێبکەن.
بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.