ڕۆیتەرز: ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شەش فڕۆکەخانەی ئێران
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێرشی ئاسمانیان کردۆتە سەر شەش فڕۆکەخانەی ناوچەی جیاوازەکانی ئێران، لەوانە ناوچەکانی ناوەڕاست، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاسکرای کرد، ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، لە یازدەهەمین ڕۆژی شەڕدا هێرشیان کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی کرماشان لە ڕۆژاوای ئێران.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزی ئاسمانی هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران لە کرماشان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، ئێران درێژە بە هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەدات. دەشڵێت: جارێکی دیکە سیستەمی بەرگری جێگیرکرایەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکان.
بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."