ئاکسیۆس: ترەمپ بەنیاز نییە لە هێرشکردنە سەر ئێران بەردەوام بێت

ئاکسیۆس ئاشکرای کردووە، سەرۆکی ئەمەریکا بەنیاز نییە بەردەوامیی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بدات.

پێگەی ئاکسیۆس، لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپییەوە ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەنیاز نییە لە ‌هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، تەنیا ئەگەر تاران بڕیاری هێرشکردنە سەر پێگە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بدات.

بە گوێرەی ئاکسیۆس، دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ستیف ویتکۆف، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا پەیامێکی بۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ناردووە و دڵنیای کردووەتەوە لەوەی ‌هێرشەکانیان یەک جارە و کۆتاییان هاتووە، با ئێران بیر لە هێرشکردنەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە کەنداو نەکاتەوە.

هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران

بەرەبەیانیی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی "ئێمە، هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن.  بارێکی تەواو لە بۆمب  بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە واتە فۆردۆ، خرایە خوارەوە."

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی ترەمپدا هاتووە "هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا، سوپای پاسداران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ''جەنگی ئێمە ئێستە دەستی پێ کرد.'' دوای ئەم پەیامەش، ئێران بە دوو شەپۆل، زیاتر لە 30 مووشەکی بالیستی گرتە ئیسرائیل. بە گوێرەی دەستەی فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممەی ئێران، زیاتر لە 20 هاووڵاتیی سڤیل بریندار بوون کە برینی دوانیان سەختە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن.

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ تا ڕۆژی شەممە، 21-06-2025، 430 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.