هێڵی ئاسمانیی عێراقی پێنجشەممەی داهاتوو گەشتی عەممان بۆ بەسرە دەست پێ دەکاتەوە

هێڵی ئاسمانیی عێراقی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی کە دەیانەوێت لە ئوردنەوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، لە دەست پێ کردنەوەی گەشتەکانیان ئاگادار کردەوە.
دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقیە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە "بەهۆی ئەو دۆخەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، هاووڵاتییانی عێراق لە عەممان ئاگادار دەکەینەوە کە دەیانەوێت گەشت بۆ بەسرە بکەن، ئەوا کۆمپانیەکەمان گەشتی ڕاستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاژنە عەلیا لە عەممان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە ڕادەگەیەنێت."
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە "کاتی ئەم گەشتە پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025، لە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی دەبێت."
هێڵی ئاسمانیی عێراقیە داوا لەوانەی دەیانەوێت گەشت بکەن دەکات، پێشوەختە ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
لە ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، و دواتریش تاران بە مووشەک و درۆن، وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە، لەو کاتەدا هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو ناوچەیە وەستاون و تاوەکوو ئیستا دەستیان پێ نەکردووەتەوە.