کەسێکی نەناسراو لە کفری بە ناوی داعشەوە هەڕەشە لە نوێژخوێنانی دوو مزگەوت دەکات

لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، کەسێک بە دەموچاوی داپۆشراوەوە چووەتە نێو دوو مزگەوت و لە کاتی گوتاری هەینیدا بە ناوی داعشەوە هەڕەشەی لە نوێژخوێنان کردووە، دواتریش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی 30ـی تشرینی یەکەم، لە کاتی نوێژی نیوەڕۆ و گوتاری هەینیدا، کەسێکی نەناسراو کە دەموچاوی خۆی داپۆشیبوو، چووەتە دوو مزگەوتی شارۆچکەی کفری و بە خێرایی نامەی هەڕەشەئامێزی بە ناوی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە داوەتە دەست دوو مامۆستای ئایینی.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ناوەرۆکی نامەکان هەڕەشەی تیرۆریستییان تێدا بووە و بەو هۆیەوە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لە نێو نوێژخوێنانی هەردوو مزگەوتەکەدا بڵاوبووەتەوە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی خێرایان دەستپێکردووە، لە ماوەیەکی کەمدا توانیویانە لە یەکێک لە بازگەکاندا تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکەن و دەستگیری بکەن.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست کوردستان24 کەوتوون، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەدا، دەست بەسەر دەمانچەیەک و ژمارەیەک فیشەکدا گیراوە کە پێی بووە و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە بۆ زانینی پاڵنەر و ورردەکاریی زیاتری رووداوەکە.