قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات

ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی ئێرانی
ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی ئێرانی

دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، قەرارگای خاتەمولئەنبیا، لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی توندی لە ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند، جەنگاوەرانی ئیسلام وەڵامی توند و پێشبینی نەکراوتان دەدەنەوە.

لە بەیاننامەکەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا، کە ماڵپەڕی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە "ئەمەریکای تاوانکار، لە چوارچێوەی هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ ڕژێمی زایۆنی، پێشێلیی سەروەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و ڕاستەوخۆ بەشداریی شەڕەکەی کرد." 

قەرارگای خاتەمولئەنبیا دووپاتیشی کردووەتەوە "ئێمە ئەمەریکا دڵنیا دەکەینەوە لەوەی میلی کاتژمێر بە سوودی ئێوە ناچەرخێت وجەنگاوەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەڵمەتی توند و چاوەڕاوننەکراو وەڵامتان دەدەنەوە."

بەرەبەیانیی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی ئێران و ئیسرائیل چووەتە هەفتەی دووەمەوە و ڕۆژانە هەردوولا بۆمبارانی یەکدی دەکەن.

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ تا ڕۆژی شەممە، 21-06-2025، 430 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.