کەناڵ 12: پێنج مووشەکی ئێرانی لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل کەوتنە خوارەوە

دیمەنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی ئێرانی لە ناوەندی ئیسرائیل
دیمەنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی ئێرانی لە ناوەندی ئیسرائیل

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 23-06-2025، ئێران ژمارەیەک مووشەکی نوێی ئاراستەی تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەند شوێنێکی دیکەی ئیسرائیل کرد. 

هەرچەندە ئێران بە فەرمی ڕاینگەیاندووە چەند مووشەکی هاویشتووە، بەڵام بە گوێرەی کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی، زیاتر لە 10 مووشەک بوون و پێنجیان لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە کەوتوونەتە خوارەوە و تا ئێستا زیانە گیانییەکان نەزانراون. 

 پێش گەیشتنی مووشەکەکان بۆ ئاسمانی ئیسرائیل، بەرەی ناوخۆیی ئەو وڵاتە داوای لە هاووڵاتییان کرد، بچنە پەناگەکان بۆ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێ نەگات. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆش، ژمارەیەک مووشەکی بالیستی بەرەو ئیسرائیل هاوێژران. بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، مووشەکەکان لە یەمەنەوە هاوێژراون نەک لە ئێرانەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژانە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران بەردەوامن. لە نوێترین پێشهاتدا، سوپای پاسداران ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو (یەکشەممە، 22-06-2025)، نۆ ئەندامیان لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل کوژراون و چەندانی دیکەش بریندار بوون. 

بەرەبەیانیی یەکشەممەش، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ تا ڕۆژی شەممە، 21-06-2025، 430 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.