ئیسرائیل داوای دابینکردنی پارەی شەڕ لە کەنداو و ئەورووپا دەکات

ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، ڕایگەیاند، ئیسرائیل داوای لە کەنداو و ئەورووپا کردووە، پارەی شەڕی دژی ئێرانی بۆ دابین بکەن.

دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، ئەنوەر قەقاش لە پلاتفۆرمی ئێکس، نووسیویەتی: "بێشەرمیی وەزیری دارایی ئیسرائیل سمۆتریچ، گەیشتە ئەو ئاستەی داوای بودجە لە (کەنداو، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا) بکات بۆ شەڕی ئیسرائیل دژی ئێران."

ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی کەنداو ئیدانەی هێرشەکەیان کرد و داوای چارەی دیپلۆماسییان کردووە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە.

گوتیشی: پێشنیازێکی لەو شێوەیە مانای داتەپینی ڕەوشتی کەسێکی توندڕەوە کە لە دەرئەنجامەکانی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان تێ ناگات.

 

 
 
 
 
 
 

 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، قەرقاش جارێکی دیکە، پۆستێکی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاو کردەوە و گوتی: لە جێگەیەکی متمانە پێکراو، ڕاستیی هەواڵەکەم پێ گەیشتووە و پشتڕاست کراوەتەوە، کە بانگەوازەکەی وەزیری دارایی ئیسرائیل بۆ وڵاتانی کەنداو  و ئەورووپا بۆ دابینکردنی پارە بۆ شەڕی ئێران، ڕاست نییە؛ بۆیە تویتەکەی پێشووم سڕیوەتەوە. ئێمە هەڵوێستی ئیمارات دووپات دەکەینەوە کە داوای چارەکردنی دۆخی ناوچەکە دەکات لە ڕێگەی  دیپلۆماسییەوە.

 

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانی کوشت. لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.