ئەمڕۆ ئێران دووەمجارە هێرشی مووشەکی دەکاتە سەر ئیسرائیل

ژمارەیەک مووشەکی ئێرانی لە ئاسمانی ئیسرائیل (ئەرشیف - AFP)
ژمارەیەک مووشەکی ئێرانی لە ئاسمانی ئیسرائیل (ئەرشیف - AFP)

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 23-06-2025، ئێران شەپۆلێکی دیکەی مووشەکی ئاراستەی وڵاتەکەیان کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیل، سیستەمی بەرگریی وڵاتەکە کار لەسەر تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران دەکات و داواش لە هاووڵاتییان دەکەن بچنە پەناگەکان.

ئەمە دووەم هێرشی مووشەکیی بالیستیی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل لە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممەوە، 23-06-2025. لە هێرشی یەکەمدا زیاتر لە 10 مووشەکی ئاراستە کردبوو، پێنجیان لە چەند شوێنێکی جیاوازی تەلئەڤیڤ کەوتنە خوارەوە و تا ئێستا زیانە گیانییەکان نەزانراون. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆش، ژمارەیەک مووشەکی بالیستی بەرەو ئیسرائیل هاوێژران. بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، مووشەکەکان لە یەمەنەوە هاوێژراون نەک لە ئێرانەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژانە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران بەردەوامن. لە نوێترین پێشهاتدا، سوپای پاسداران ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو (یەکشەممە، 22-06-2025)، نۆ ئەندامیان لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل کوژراون و چەندانی دیکەش بریندار بوون. 

بەرەبەیانیی یەکشەممەش، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ تا ڕۆژی شەممە، 21-06-2025، 430 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.