دیالە.. زیاتر لە هەزار و 100 بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون

بەڕێوبەری بەرێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگای دیالە، عەمید موسەننا لەتیف حەنتووش، ڕایگەیاند، زیاتر لە هەزار و 150 کەس بە تۆمەتی بازرگانیی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون.

دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، لە کۆنفرانسێکدا کە بە بۆنەی هەفتەی ساڵانەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ساز کرابوو، حەنتوش گوتی: لەم دواییانە هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای دیالە، توانییویانە ژمارەیەکی زۆری بازرگانان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە دەستگیر بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد "لەماوەی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار و 150 تۆمەتبار بەو هۆیەوە دەستگیر کراون، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی 104 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر."

حەنتوش دەشڵێت: "538 تاوانباری ماددە هۆشبەرەکان لە دیالە سزای زیندانیکردنیان  لەساڵێکەوە تا هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها سزای پێبژاردنیشیان بۆ کراوە."