قاڵیباف: هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم ڕادەگرین

محەممەد باقڕ قاڵباف، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای کۆماری ئیسلامیی ئێران
محەممەد باقڕ قاڵباف، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای کۆماری ئیسلامیی ئێران

قاڵیباف ڕایدەگەیەنێت، ئەنجوومەنی شوورای کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرقاڵی دەنگدانە بە پرۆژەیاسایەک بۆ ڕاگرتنی هاوکاریی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی جیهانی.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، محەممەد باقڕ قاڵباف، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە گوتاری دەستپێکی کۆبوونەوەی ئاشکرای ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025ـی ئەنجوومەنەکە، گوتوویەتی: پاش ئەوەی ئەمەریکا بە ئاشکرا، بوو بە بەشێک لە شەڕەکە و هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئێمە، لە ئەنجوومەنی شوورا، دەنگ بە پرۆژەیاسایەک دەدەین بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، تا ئەوکاتەی لە هەڵسوکەوتی پرۆفیشیۆناڵی ئەم ئاژانسە دڵنیا نەبینەوە.

دوای هێرشەکانی ئەمەریکا، بەرپرسانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی داوایان لە ئێران کردووە، ڕێگەیان پێ بدەن سەردانی هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (ئەسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ) بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە پاشماوەی بۆمبارانەکان ببینن و خەملاندن بۆ زیانەکان بکەن؛ بەڵام تا ئێستا داواکەیان پەسەند نەکراوە.

بەرەبەیانیی یەکشەممەش، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد. 

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگ تا ڕۆژی شەممە، 21-06-2025، 430 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زیاتر لە 3500 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیلن.