ئەردۆغان: دژی هێرشەکانی سەر ئێرانین
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: تورکیا دژی هەر هێرشێکە ئێران و ناوچەکە بکاتە ئامانج، گرنگ نییە لەکوێوەبێت و بەڕوونی کاردانەوەی خۆمان دەردەبڕین.
دووشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاگەیاند: تورکیا دژی هەر هێرشێکە ئێران و ناوچەکە بکاتە ئامانج و هەوڵی چڕ دەدەین هێرشەکانی ئیسرائیل و پشتیوانەکانی نەبنە کارەساتێکی گەورەتر.
سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی: هێرشەکانی سەر سەروەری ئێران و ئاسایشی ناوچەکەمان لەلایەن هەرکەسێکەوە ئەنجام بدرێت، هەرگیز پەسەندی ناکەین و گرنگ نییە لەکوێوە بێت و بەڕوونی کاردانەوەی خۆمان دەردەبڕین.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە میللەتەکەمان دڵنیابێت، هەرچی پێویست بێت ئەنجاممان داوە بۆ ئەوەی هیچ زیانێک بە 86 ملیۆن کەس نەگات.
ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژی شەممە 21ـی حوزەیرانی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە پەراوێزی 51ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە ئیستانبوڵ، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆ بووەوە.
ئەردۆغان ڕاگەیاند: وڵاتەکەی هەڵوێستی جیددی لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گرتووەتەبەر، وەک چۆن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان و سوریا هەڵوێستی هەبووە.
ئاماژەی بەوە دا، بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسییەت و دانوستان دەستپێشخەری و پەیوەندی هەمەلایەنەی کردووە. ئەردۆغان دەشڵێت: ناوچەکە بەرگەی جهنگی نوێ ناگرێت.