سوپای ئیسرائیل: هێرشمان کردووەتە سەر شەش ناوەندی گرنگ لە ئێران

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران، ڕێڕەوی فڕینی چەند فڕۆکەخانەیەکیان وێران کردووە و لەگەڵ تێکشکاندنی چەند فڕۆکەیەک، هاوکات ڕایگەیاندووە، شەش ناوەندی گرنگ و کاریگەریی ئێرانیان وێران کردووە.
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیرانی 2025، بە زیاتر لە 50 فڕۆکەی جەنگی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ لاوازتر کردنی توانا سەربازییەکانی ئێران چڕ کردووەتەوە و بنکەی سەربازیی و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و ڕاداریان بۆمباران کردووە، بە تایبەت لە تاران توانیویانە ژێرخان و کۆگایەکی مووشەکەکانی ئێران بکەن ئامانج و لەنێوی بەرن.
هەروەها ڕایگەیاندووە، چڕکردنەوەی هێرشەکانی سەر ئێران و خاپوورکردنی توانا سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، بە مەبەستی زامنکردنی ئاسایشی ئیسرائیلە، هەربۆیە هێرشەکان بەردەوام دەبن و توانراوە لە هێرشی سەر چەند فڕۆکەخانەیەک لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ناوەندی ئێران ژمارەیەک فڕۆکەی جۆری F-14 و F-5 و چەند هیلیکۆپتەرێک تێک بشکێنن.
بەرگریی ئیسرائیل لیستی شوێنی هێرشەکانی ئەمڕۆی بۆ سەر ئێران بەمشێوەیە بڵاو کردووەتەوە؛
- ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران و هێزەکانی ناوخۆ لە تاران.
- بنکەی ئاسمانی ناوەندی هێزە چەکدارەکانی سەر بە فەرماندەیی سوپای پاسداران.
- بنکەی پاسداران لە ئەلبۆر، کە سەرپەرشتی چالاکییە ئەمنی و سەربازییەکانی لە ناوچەی تاران دەکرد.
- ناوەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ساروڵڵا، کە بەرپرس بووە لە پاراستنی تاران لە هەڕەشە دەرەکییەکان.
- بنکەی سەیدولشوهەدا، کە بەرپرسیارە لە بەرگری و پاراستنی ڕژێم لە ناڕەزاییە ناوخۆییەکان.
- بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی ناوخۆ، کە بەرپرسیار بووە لە ئەرکی چاودێریی و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر ڕێکخستنە ناوخۆییەکانی ئێران.