ئێران بنکەیەکیی سەربازی ئەمەریکای لە قەتەر مووشەکباران کرد
لە بنکەی عەین ئەسەدی عێراق سیستەمی بەرگریی ئاسمانی چالاک کرا
ئاژانسی ئەکسۆسی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران شەش مووشەکی ئاراستەی بنکەیەکی ئەمەریکی لە قەتەر کردووە.
هەروەها ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنیسی بڵاوی کردووەتەوە، لە دەوحە دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە.
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد چالاک کراوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی مووشەکی یان درۆنی.
هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنی "بەشارەتی فەتح"ی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەستپێکردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئۆپەراسیۆنی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بە حەوت فڕۆکەی B-2، کاتژمێر سێی بەرە بەیانی یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانیان بۆمباران کرد.
هەر لە بارەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر قەتەر، هەردوو ئاژانسی مێهر و تەسنیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنی هەڵدانی مووشەکەکان بە ئاراستەی بنکە سەربازیی ئەمەریکا لە عودەیدی قەتەر و عەین ئەسەدی عێراق بە ناوی "بەشارەتی فەتح" و بە دروشمی "یا ئەبا عەبدوڵڵا" دەستی پێکردووە.
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا کۆشکی سپی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمەریکا لە چۆنیەتی هێرشەکان ئاگادار بوون لە نزیکەوە چاودێری ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی عودەیدی سەربازی ئەمەریکا لە قەتەر دەکەن.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، چەند کاتژمێرێک بەر لە ئەنجامدانی هێرشەکە، ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمەریکی ئاشکرای کردبوو، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا، ئێران وەڵامی هێرشەکانی ئەمەریکا دەداتەوە.