قەتەر: بە مافی خۆمان دەزانین وەڵامی ئێران بدەینەوە
وەزارەتی بەرگریی قەتەر: هێرشەکەی ئێران هیچ زیانێکی گیانی نەبووە

وەزارەتی بەرگریی قەتەر ئیدانەی توندی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر وڵاتەکە و ڕایگەیاند، بە مافی خۆی دەزانێت، وەڵامی ئەو هێرشەی ئێران بداتەوە و دڵنیاییش دەدات، کە هێرشەکەی ئێران هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
وەزارەتی بەرگریی قەتەر ڕایگەیاندووە، هەر چەندە پێشتر بنکەی سەربازی عودەید چۆڵکرا بوو، بەڵام بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە مافی خۆمانی دەزانین وەڵامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی عودەید بدەینەوە.
هەروەها داوای لە هاووڵاتیانی قەتەر کردووە، ڕێنمایی و دوایین پێشهاتەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکان وەربگرن، هاوکات دڵنایی داوە کە خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی بە سەلامەتی دەمێنێتەوە و بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراویش سەرجەم هێزەچەکدارەکان خستووەتە ئامادەیی.
هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشوەختە بەرپرسانی قەتەریان لە مەبەستی هێرشکردنە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە ئاگادار کردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئێران بە بەرپرسانی قەتەری ڕاگەیاندووە، دەیانەوێت لەم هێرشەدا کەمترین زیان هەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەشڵێت: هەموو ڕێوشوێنەکان گیراونەتەبەر بۆ سەلامەتی تەواوی هاووڵاتییان و هێزەکانمان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانمان و داوا دەکەین بەزووترین کات ئۆپەراسیۆنی سەربازی کۆتایی پێ بێت و بگەڕێینەوە سەر مێزی دانوستان، چونکە ئەم جۆرە هێرشانە دەبنە هۆی تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەشداوە، بەرپەچی سەرجەم مووشەکەکان دراوەتەوە.