ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران: هێرشەکەمان دژی حکوومەت و خەڵکی قەتەر نییە

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکەیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە قەتەر وەڵامدانەوەیەکە، بەرانبەر بە دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا و دژی حکوومەت و خەڵکی قەتەر نییە.

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، لە کاردانەوەی بەرانبەر بە دەستدرێژی و کردەوە شەڕانگێزییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، چەند خولەکێک لەمەوبەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بنکەی ئاسمانی عودەیدی تایبەت بە هێزەکانی ئەمریکای لە قەتەر وێران کرد.

هەروەها ڕایگەیاندووە، ژمارەی مووشەکەکانی لەم ئۆپەراسیۆنە بە کارهێنراون بەرانبەر بە ژمارەی ئەو بۆمبانەی ئەمەریکایە، کە لە هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەکاری هێنان.

ئەنجوومەنەکە ڕاشیگەیاندووە، ئەو بنکەیەی لە هێرشەکەدا کراوەتە، لە دامەزراوە مەدەنی و ناوچەی سڤیل نشینی قەتەر دوورە، هەربۆیە هیچ مەترسییەک بۆ سەر وڵاتی قەتەر و خەڵکی وڵاتەکە دروست ناکات.

جەختیشی کردووەتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندە بە پاراستن و درێژەدان بە پەیوەندییە گەرم و گوڕ و مێژووییەی لەگەڵ حکوومەت و گەلی قەتەر.