ترەمپ: سوپاسی ئێران دەکەم ئێمەی لە هێرشەکان ئاگادار کردبووەوە

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، وا پێدەچێت ئێران بەو هێرشە توڕەیی خۆیان دەربڕیبووبێت، خۆشبەختانە چیتر پێویست بە ڕقی دووژمنکارانە ناکات، بۆیە داوا لە ئیسرائیل و ئێران دەکەم بەرەو ئاشتی هەنگاو بنێن.

دووشەممە 23ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: دەمەوێت سوپاسی ئێران بکەم، کە پێشوەختە ئێمەیان لە هێرشەکان ئاگادار کردبووەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هیچ قوربانییەک نەبێت. 

ترەمپ گوتیشی: ئێران بە فەرمی وەڵامی هێرشەکانی ئێمەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەوان دایەوە، بەڵام وەکوو ئەوەی پێشبینیمان کردبوو کاردانەوەیان زۆر لاواز بوو.

ئاماژەشی دا، بە سەرکەوتوویانە توانیویان لە 14 مووشەک بەرپەرچی 13 مووشەک بدەنەوە، ڕوونیشی کردەوە، مووشەکێکیان نەخستووەتە خوارەوە، چونکە بە ئاراستەی بنکەی ئەمەریکا هەڵنەدرا بوو.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە، خۆشحاڵم کە هیچ ئەمەریکییەک لە هێرشەکان زیانی پێ نەگەیشتووە.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی بەوە داوە، وا پێدەچێت ئێران بەو هێرشە توڕەیی خۆیان دەربڕیبووبێت، خۆشبەختانە چیتر پێویست بە ڕقی دووژمنکارانە ناکات.

سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە، ئێران دەتوانێت ئێستا بەرەو ئاشتی و سەقامگیری هەنگاو بنێت، هاوکات هانی ئیسرائیلیش دەدەم کە هەمان کار بکەن.

دۆناڵد ترەمپ لە پۆستیکی دیکەدا نووسیویەتی: پیرۆزبایی لە جیهان دەکەم و ئێستا کاتی ئاشتییە.