گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران: ژمارەیەک هاووڵاتی و فەرمانبەری زیندانی ئێڤین کوژران

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆمبارانی زیندانی ئێڤین، ژمارەیەک هاووڵاتی و فەرمانبەر کوژران.

24ـی حوزەیران 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری ئەسغەر جیهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، دوێنێ لە ئەنجامی بۆمبارانی زیندانی ئێڤین، لە لایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی و فەرمانبەری زیندانەکە کوژران.

گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاندووە بۆمبارانەکە لەکاتی سەردانی کەسوکاری زیندانیاندا ڕووی داوە و جگە لە کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتی و فەرمانبەر، بەشی بەڕێوەبەرایەتیی زیندانەکەش وێران کراوە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2025، ڕایگەیەند "ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ کرد."

کەناڵی 13ـی ئیسرائیل ڕایگەیاند "دوای 12 ڕۆژ شەڕ، ڕێککەوتننامەی ئاگربەستی تاران ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها ناتانیاهۆ وەزیرەکانی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران, ئاگادار کردووەتەوە."

 سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئێران پێنج شەپۆلی دیکەی مووشەکی بەرەو چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل هەڵداوە."

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ماوەیەکی کەم لەمەوبەر زەنگی ئاگاداری هێرشی ئاسمانی، لە چەند ناوچەیەکی سەرانسەری ئیسرائیل بەرزبووەوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئێران 15 مووشەکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلیش کارا کراون.