وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئێران پێشێلی ئاگربەست بکات، وەڵامی توندمان دەبێت

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە لە ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست، بە توندی لە تاران بدەن.

سێشەممە، 24-06-2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕاگەیاند، فەرمانی سوپای وڵاتەکەی کردووە، لە ئەگەر پێشێلکردنی ئاگربەستی شەڕ لە لایەن ئێرانەوە، زۆر بە توندی هێرش بکەنە سەر ناوەندی تاران. 

هاوکات، سەرچاوەیەک لە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-06-2025، ئێران بە هاوێشتنی ژمارەیەک مووشەک بەرەو ئیسرائیل، پێشێلی ئاگربەستەکەی کردووە. 

میدیای فەرمیی ئێران، لەسەر زاری ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران ڕەتی کردەوە ئێران ئاگربەستەکەی پێشێل کردبێت و هیچ مووشەکێکی بەرەو ئیسرائیل هاوێشتبێت، لەو کاتەوەی ئاگربەستەکە ڕاگەیەنراوە. 

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێکردنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لە هەردوولا کرد، پابەندی ئاگربەستەکە بن، تا ئاشتی لە ناوچەکە بەدی بێت. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ (Truth Social) ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند. بە گوتەی ئەو، ڕێککەوتنەکە "کۆتایی بە جەنگەکە" دێنێت.