زێلێنسکی: بەهۆی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، سەرنجەکان لەسەر ئۆکرانیا لاچوون

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل سەرنجە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر ئۆکرانیا لادا و کێشەیەکی گەورەی دروست کردووە.
هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە، لەسەر پشتیوانیی سەربازی و دارایی بۆ کیێڤ.
زێلێنسکی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز دەڵێت: ئەم شەڕە کێشەیەکی گەورەی دروست کرد، بەم شێوەیە فۆکۆسی سیاسی دەگۆڕا و ئەمەش بە مانای کەمبوونەوەی ئەگەری یارمەتییەکان دێت، بەتایبەتی لە ئەمەریکاوە. هەرچەندە ئێمە ئەوەمان ناوێت، بەڵام هەست بەم گۆڕانکارییە دەکەین.
لێدوانەکەی زێلێنسکی لە چوارچێوەی هۆشدارییەکانی پێشوویدایە کە ململانێی ئیسرائیل و ئێران دەتوانێت ڕۆژئاوا سەرقاڵ بکات و ببێتە هۆی کەم بوونەوەی پاڵپشتییە سەربازی و داراییەکان بۆ ئۆکرانیا.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندن باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.