ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران: ئیسرائیلمان ناچار بە ئاگربەست کرد
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاندووە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئامادەی وەڵامدانەوەی توندن، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر خاکی ئێران.
چەند خولەکێک دوای ئەوەی میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، کە ئێران بە هەڵدانی مووشەک ئاگربەستی پێشێل کردووە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە ڕوونکردنەوەیەکدا وێڕای ڕەتکردنەوەی زانیاریی میدیاکانی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە "ئێران هیچ متمانەیەکی ئەوتۆی بە ئیسرائیل نییە و ئەگەر بچووکترین هەڵە و پێشێلکاری ئاگربەست بکات، ئەوە وەڵامی یەکلاکەرە و پەشیمانکەرەوەیان بۆ ئیسرائیل دەبێت."
هەروەها ڕاشیگەیاندووە "ئیسرائیلیان ناچار بە ئاگربەست کردووە."
نزیکەی دوو هەفتە بەسەر جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا تێدەپەڕێت؛ درەنگانی شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیسرائیل و ئێران بە ئاگربەستی جەنگ ڕازی بوون و بە گوێرەی زانیارییەکان لە دوای کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، لەسەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، هەردوو لایەنی جەنگەکە دەست بەرداری هێرشکردنە سەر یەکتر بوون.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە، ئەگەر ئێران پێشێلی ئاگربەست بکات، ئەوە توندترین شێوە سزای بدەن.