ئێران گەنم و جۆی عێراق دەكڕێتەوە

عێراق و ئێران لەسەر چەند پرسێك رێككەوتوون

K24 - ھەولێر

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئامادەیی وڵاتاکەی بۆ کڕینەوەی گەنم و جۆی زیادەی عێراق دەربڕی.

ئاژانسی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لەگەڵ عەلی عەبدولئەمیر وەزیری دارایی عێراق کۆبووەتەوە. هەردوولا تاوتوێی ئەو رێککەوتن و یاداشتنامەکانیان کردووە کە لە میانی سەردانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران واژۆ کرابوون.

ئەو ئاژانسە ئێرانییە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی ئێران بە وەزیری دارایی عیراقی راگەیاندووە، وڵاتەکەی ئامادەیە گەنم و جۆی زیادەی عێراق بکڕێتەوە.

هەروەها تاوتوێی سەپاندەنی دووهێندە پێناسی گومرگی و هەماهەنگی لە دەروازە سنوورییەکان کراوە، هەردوولایەن پاڵپشتی وەبەرهێنانیان کردووە، سەرەڕای دۆسیەی فرۆشتنی گاز و کارەبای ئێران بە عێراق.

باڵیۆزی ئێران ئاماژەی بەوەداوە، جموجۆڵە بازرگانی و گەشتە ئاسمانییەکان قۆناخ بە قۆناخ دەگەڕێتەوە ئاستی پێشووتری و بەر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.