13 هەزار و 592 کەس لە کوردستان بە مین کوژران و برینداربوون

مینی چێندراوی هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق لە جەنگی هەشت ساڵەی نێوانیان لە 1980 تاکو 1988، بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستانیان داگیر کردووە، ژیانی خەڵکی زۆرێک لە گوندنشینان و جووتیاران و مەڕدارانی ناوچەکەی خستووەتە مەترسی، بەشێوەیەک لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991ـەوە تاکو ئێستا. 13 هەزار و 592 کەس لە کوردستاندا، بەرمین کەوتوون، زۆرێکیان بوونە خاوەنی پێداویستی تایبەت، ژمارەیەکی دیکەش گیانیان لەدەستدا.

دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەولێر، بەردەوامە لە کاری لابردنی مین و پلانەکانیشی بەپێی داواکاری و ئاستی مەترسی شوێنەکان دیاریی دەکات.

لەبواری لابردنی مین، تیمێکی دەزگاکە، لە کێڵگەیەکی مینی سنووری گوندی ڕایەتی سەر بەشارەدێی حاجی ئۆمەران کاردەکەن، تا ئێستا شەش کەس بەهۆی تەقینەوەی مین لەو کێڵگەیە زیانیان بەرکەوتووە.

دلشار رەسوڵ، سەرپەرشتیاری تیمی مین لابەری لە گوندی ڕایەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕووبەری بەمین چێندراوی گوندی ڕایەت، 205 هەزار و 697 ،مەتر چوارگۆشەیە، ئەو مینانەی لە خاکی ئەو گوندە چێندراون لە جۆری M14 و NUMBER4ـن، دەڵێت: بەدوو شێواز کار لەسەر هەڵگرتنەوەی مینەکانی ئەو گوندە دەکەین، شێوازی یەکەمیان هەڵکەندنی تەواوی مینە لەلایەن تیمی مین لابەری، لەگەڵ لابردنی مینەکان لە گوندەکە.

لە پارجە زەوییەکی گوندی ڕایەت، جووتیارێکی گوندەکە 45 ساڵە لە کێڵانی زەوییەکەی بێ بەش کراوە بەهۆی چاندنی مین تێیدا، تا ئێستا شەش کەس لەو کێڵگەیە بەر مین کەوتوون و بوونەتە خاوەنی پێداویستیی تایبەت.

نیهاد هەمزە، موختاری گوندی ڕایەت بە کوردستان24ـی گوت: چەند ساڵێکە بە نووسینی داواکاری و بۆ ناحییە و قایمقامییەت، داوامان کردووە بێن ئەو ناوچەیەمان لە مین بۆ پاک بکەنەوە، ئەو جۆگە ئاودێرییەی کە لە گوندی ئالانەوە دێت، بەنێو کێڵگەی مینەکانەوە دادێت، ئێمەش ناچارین ساڵانە ئەو جۆگەیە پاک بکەینەوە، ئەگەر جۆگەکە پاک نەکەینەوە، ناتوانین ئاو بگەیەنینە زەوییە کشتوکاڵییەکان.

بە گوێرەی ئاماری دەزگای گشتی کاروباری مینی هەولێر، دەڤەری باڵەکایەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە پلەی یەکەم دێت لە ژمارەی زۆری مینی داچێندراو، لەسەر ئاستی کوردستانیش، لەدوای پێنجوێن بە پلەی دووەم دێت.

بەپێی ئامارەکە، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا 13 هەزار و 592 کەس لەسەر ئاستی کوردستان بەڕووداوەکانی تەقینەوەی مین، کوژرا و بریندار و کەم ئەندام بوون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment