شه‌رع: له میانی دانوستانه‌كاندا، هەوڵی ڕاگرتنی هێرش و پێشێلكارییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر سووریا ده‌دەین

سه‌رۆك كۆماری سووریا ده‌ڵێت: هەوڵی ڕاگرتنی هێرش و پێشێلكارییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر سووریا ده‌ده‌ین و پاراستنی سه‌روه‌ریی سووریا له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه.
چوارشەممە، 25ـی حوزه‌یرانی 2025، ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆك كۆماری سووریا، له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كانی قونه‌یته‌ره و ناوچه‌ی جۆلان ڕایگه‌یاند "له میانی دانوستانی ناڕاسته‌وخۆ و له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه دیپلۆماتییه‌كان و نێوه‌ندگیرانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، هەوڵی ڕاگرتنی هێرش و پێشێلكارییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر سووریا ده‌ده‌ین."
ئه‌حمه‌د شه‌رع، جه‌ختیشی كرده‌وه، پاراستنی سه‌روه‌ریی سووریا له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه.
چوارشەممە، 25ـی حوزه‌یرانی 2025، ڕۆژنامه‌ی "ئیسرائیل هه‌یووم"ـی ئیسرائیلی بڵاوی كرده‌وه، تساحی هه‌نیگبی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، سه‌رپه‌رشتیی هه‌وڵ و هه‌ماهه‌نگییه ئه‌منییه‌كانی نێوان ئیسرائیل و سووریا ده‌كات و ئیستا په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆ و گشتگیر له نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه.
ئیسرائیل هه‌یووم، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، هه‌نیگبی، به نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی ئیسرائیل، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی سووریا ده‌كات. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، هه‌ماهه‌نگییه‌كان بواره‌كانی ئه‌منی و سیاسیی ده‌گرنه‌وە.
ڕۆژنامه‌كه ئاشكرایشی كردووه، په‌یوه‌ندییه‌كان ڕۆژانه له ئاسته جیاجیاكاندا به‌ڕێوه ده‌چن. هه‌نیگبی، باسی له‌وه‌ش كردووه، ئه‌م كرانه‌وه‌یه ده‌رگا له به‌رده‌م سووریا ده‌كاته‌وه بۆ چوونه ناو ڕێككه‌وتنه ئیبراهیمییەکان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل.
هه‌نیگبی، هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، ئه‌گه‌ر دیمه‌شق په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ته‌لئه‌ڤیڤ ئاسایی بكاته‌وه، له باره‌ی كشانه‌وه‌ی سوپای ئیسرائیل له به‌رزاییه‌كانی جۆلان، قسه‌ی دیكه‌ی ده‌بێت.
چوارشه‌ممه، 7ـی ئایاری 2025، ئاژانسی "ڕۆیته‌رز" له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاوی كرده‌وه، ئیمارات كه‌ناڵێكی نهێنیی له نێوان ئیسرائیل و سووریا دامه‌زراندووه و نێوه‌ندگیریی له نێوانیاندا ده‌كات.
ئه‌و سه‌رچاوانه ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردبوو، دانوستانه‌كان له نێوان ته‌لئه‌ڤیڤ و دیمه‌شق ناڕاسته‌وخۆن و تایبه‌تن به پرسه ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كان و بونیاتنانی متمانه له نێوان هه‌ردوو وڵات كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی فه‌رمییان نییه.