سوپای پاسداران: 26 سیخوڕی مۆساد لە ڕۆژئاوای ئێران دەستگیر کران

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، 26 کەسیان دەستگیر کردووە کە سیخوڕییان بۆ مۆسادی ئیسرائیل کردووە.

پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسدارانی ئێران، لە پارێزگای خووزستان لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، 26  کەسیان دەستگیر کردووە کە سیخوڕییان بۆ مۆسادی ئیسرائیل کردووە.

دەسەڵاتدارانی ئێران ئاشکرایان کرد، هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل دزەکردنە مەترسیدارەکانی هەواڵگریی ناو ئێرانی ئاشکرا کرد، ئەمەش وای لێ کردوون ڕێکاریی یاسایی توند بگرنەبەر بۆ دادگایکردنی ئەو کەسانەی گومانیان لێ دەکرێت هاوکاریی لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن.

تاران، مۆساد بەوە تۆمەتبار دەکات لە پشتی تیرۆر و بۆمبارانەکانەوە بووە، کە فەرماندە سەربازییەکان و زانا و دامەزراوە هەستیارەکانی ئەو وڵاتەیان پێکاوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە هەیە.

ئیسرائیل، لە 13ـی حوزەیران هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد و جەنگەکە 12 ڕۆژی خایاند، لە هێرشەکەدا شوێنە سەربازیی و ئەتۆمییەکان و هەروەها دامەزراوە مەدەنییەکان کرانە ئامانج و سەرکردە سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمی کوژران.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکەدا 606 کەس کوژراون و پێنج هەزار و 332 کەسیش برینداربوون.

لەبەرانبەردا ئێران هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر شوێنە سەربازیی و هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل چەندین باڵەخانەشی خاپوور کرد. بەگوێرەی ئاماری ئیسرائیل 28 کەس کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.