ترەمپ: دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەست پێ دەکاتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکرێت، ئەمەش وا دیارە هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەو ئاگربەستەی کە کۆتایی بە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل هێنا.

دۆناڵد ترەمپ، لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ، دوێنێ لە لاهای گوتی: هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێرانییەکان گفتوگۆ دەکەین. ڕەنگە ڕێککەوتنێک بکەین لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە. گوتیشی: هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی لەناوبرد و لە ڕوانگەی منەوە شەڕیان کردووە و شەڕەکە کۆتایی هاتووە.

ترەمپ ئەو ڕاپۆرتانەی میدیاکانی ئەمەریکای ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن زیانەکانی دامەزراوەکانی ئێران لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا سنووردار بووە و دووپاتی کردەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران "دەیان ساڵ دواخراوە."

تاران، تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ڕاگەیاندنی دانوستانەکانی لە لایەن  ترەمپەوە نەداوە. بەڵام پێشتر ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دانی بەوەدا نا کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی "زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە."  ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو هێرشانە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانیان بۆ ساڵانێک دواخستووە.

 دوێنێ فەرەنسا و ڕووسیا و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی باسیان لە چاوەڕوانیی هەڵسەنگاندنەکان کرد. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جەختی لەسەر پێویستیی ناردنی پشکنەر بۆ تاران کردەوە، لە هەمان کاتدا پەرلەمانی ئێران یاسایەکی  بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دەرکرد.