وردەکاریی و چۆنییەتی گۆڕینی پەردەی کەعبەی پیرۆز

وێنە، پرۆسەی گۆڕینی پەردەی کەعبەی پیرۆز
وێنە، پرۆسەی گۆڕینی پەردەی کەعبەی پیرۆز

دەستەی گشتیی بۆ چاودێریی و کاروباری مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر(د.خ.)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، بەرانبەر بە 1ـی موحەڕەمی 1447، کە هاوکاتە بە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی کۆچی ، دەستی بەگۆڕینی (ئەلکیسوە) پەردەی کەعبەی پیرۆز کرد .

بەگێرەی ئاژانسی هەواڵی سعوودی (واس، پرۆسەکە بەوە دەست پێ دەکات یەکەم جار پەردەی دەرگای کەعبە کە درێژییەکەی (6.35) مەتر و پانییەکەی (3.33)مەترە دەهێنرێتە خوارەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ گۆڕینی پەردە کۆنەکە و داپۆشینی بە پەردە نوێیەکە.

ئەم نەریتە ماوەی 100 ساڵە بەردەوامە، هەروەها تیمێکی تایبەتمەندی سعوودی، ڕاهێنراو و شارەزا، سەرپەرشتیی کاری هەڵوەشاندنەوە و قۆناغە بنەڕەتییەکانی گۆڕینی پەردەی کەعبەی پیرۆز دەکەن، کە یەکەم جار پەردەکە کۆنەکە بەرز دەکرێتەوە، دواتر پەردە نوێیەکە دادەنرێت.

پەردە نوێیەکە پێک هاتووە لە (47) پارچە ئاوریشمی ڕەشی نەخشێنراو بە (68) ئایەتی قورئانی پیرۆز کە بەداوی زیوی ڕووپۆشکراو بە زێڕی عەیار24 دروست کراوە، کۆی کێشی پەردەی کەعبە نزیکەی (1415) کیلۆگرامە.

ستافی کاری پرۆسەکە بریتین لە (154) کەسی لێهاتوو کە (120) کیلۆگرام داوی زیوی ڕووپۆشکراو بە زێڕ و (60) کیلۆگرام داوی زیوی پاک، (825) کیلۆ ئاوریشم، و (410) کیلۆ لۆکەی خاو بەکار دەهێنن. 
ستافەکە بە بەکارهێنانی هەشت ئامێر، (54) پارچەی زێڕینیان لەسەر پەردەی کەعبە چنیوە.