ڕاگەیەنراوی وەزارەتی ئیتڵاعات دەربارەی شەڕی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل

ئاڵای ئێران و ئیسرائیل
ئاڵای ئێران و ئیسرائیل

پێنجشەممە، 26ـی حوزەیران 2025، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ڕاگەیەنراوێکی دەربارەی شەڕی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل بڵاو کردەوە و لێدانی زەبری گەورەی لە "تۆڕە سیخوڕییەکانی دوژمن" ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێراندا هاتووە "جارێکی دیکە دەسەڵاتی ستەمکاریی جیهانیی بە سەرۆکایەتیی شەیتانی گەورە، ئەمەریکا، پەتی لە ئەستۆی سەگی هاری زایۆنی داماڵی و لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی خستە سەر مێژووی پڕ لە شەرمەزاری خۆی."

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، لە درێژەی بەیاننامەکەیدا دەڵێت: سەرباری سەختیی بارودۆخەکە، بە پشتیوانیی و خوا و بەرەکەتی حەزرەتی وەلی عەسر(ئیمامی مەهدی) و ڕێنمایی حەکیمانەی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی حەزرەتی ئایەتوڵلا عوزما، خامنەیی و گەلی مەزنی ئیران و توانایی و ئیرادەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، پێکهاتوو لە سوپا و سوپای پاسداران و هێزی مووشەکی و بەرگریی ئاسمانیی و پۆلیسی ناوخۆ، سەرکەوتنێکی گەورە و زێڕین بۆ وڵاتی مەزن و شۆڕشگێڕ خاوەن شارستانی دێرین، ئێرانی ئیسلامی، تۆمار بکەین.

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێکردنەوە. 

سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و  چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. 

ئێرانیش لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، بۆ ماوەی 12 ڕۆژ، تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیلی بە مووشەکی بالیستی بۆمباران دەکرد.