گرۆسی: هیچ پەیامێکی فەرمیمان لە ئێرانەوە لەبارەی ڕاگرتنی هاوکارییەکان پێ نەگەیشتووە

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند: ئێستا ئاژانسەکە گرژیی لەگەڵ ئێران هەیە و وڵاتەکە پێیان وایە ئاژانس بێلایەن نەبووە.
پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە چاوپێکەوتنێکدا، ڕایگەیاند: ئێران چەکی ئەتۆمیی نییە، بەڵام ماددە و کەرەستەی پێویستی بۆ دروستکردنی هەیە.
هاوکات باسی لەوە کرد، زیادەڕۆییه ئەگەر بڵێین بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناوچووە، بەڵام زیانێکی بەرچاوی بەرکەوتووە و سەنتەرفیوجەکانی بنکەی فۆردۆش لەکار کەوتوون.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دەڵێت: ئێران بەشی نزیکەی 12 بۆمبی ئەتۆمی ماددەی پێویستی هەبوو، هەروەها تا ئێستا هیچ پەیامێکی فەرمیمان لە ئێرانەوە لەبارەی ڕاگرتنی هاوکارییەکان پێ نەگەیشتووە.
گوتیشی: ئێستا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، گرژیی لەگەڵ ئێران هەیە و وڵاتەکە پێیانوایە ئاژانس بێلایەن نەبووە.
پێنجشەممە 26ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی هەمواکردنەوەی دەستووری ئێران، ڕایگەیاند: ڕەزامەندییمان لەسەر پلانی حکوومەت داوە بۆ هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی هەموارکردنەوەی دەستوور گوتی: بەپێی ئەم بڕیارە، حکوومەت پابەندە بە هەڵپەساردنی هەر هاوکارییەک بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە پێناو پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە و ناوەندە ئەتۆمییەکان.
دوێنێ چوارشەممە 25ـی حوزەیرانی 2025، میدیاکان بڵاویان کردەوە، پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.