هاووڵاتییانی ئەنبار: هەموو ساڵێک بەرپرسانی عێراق بەڵێنی خزمەتگوزاریمان پێ دەدەن و جێبەجێی ناکەن

هاوڵاتییانی ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای ئەنبار، گلەیی لە خراپی کارەبا دەکەن و داوا دەکەن حکوومەتی عێراق هاوشێوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەرەی زیاتر بە سێکتەری کارەبا بدات، ئەوان دەڵێن هەرچەندە حکوومەتی عێراق مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، بەڵام لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک وا کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێریی.

مەنزەر عەباس، چالاکوانی مەدەنی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ساڵ دوای ساڵ هیچ شتێک نەگۆڕاوە، بەتایبەت لە وەرزی هاوین کە پلەکانی گەرما بەرزتر دەبێتەوە، پچڕانی کارەباش زیاتر دەبێت، لەکاتێکدا ڕێژەی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە 90%  خەریکە دەبێتە 100% واتە خەریکە لەوێ مۆلیدەش نامێنێت، سوپاس بۆ خوا ئەوان لەهەموو ڕوویێکەوە لە ئێمە باشترن نەک تەنیا لەڕووی کارەباوە. 

حامد مەجید، دانیشتووی فەلوجە  دەڵێت: کارەبا لە عێراق زۆر خراپە، تەماشا بکە لە هەرێمی کوردستان کارەبا چەند باشە، حکوومەتی هەرێم کە عێراق مووچەکانیانی بڕیوە بەڵام کارەبایان خەریکە دەبێتە 24 کاتژمێر، کەچی وەرزی هاوینی هەموو ساڵێک بەرپرسانی عێراق بەڵێنی چاککردنی کارەبا و خزمەتگوزاریمان پێ دەدەن و جێبەجێی ناکەن. لەو گەرمایەدا ڕووبەڕووی گرفتی گەورەی کارەبا بووینەتەوە، پلەکانی گەرماش زۆر بەرزن کاتژمێرێک کارەبا هەیە کاتژمێر و نیوێک نییە. 

سەبار حامد، دانیشتووی ئەنبار دەڵێت: داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین لەپێدانی کارەبا هاوسەنگی لەنێوان پارێزگاکان ڕابگرێت، کارەبا لە پارێزگای ئەنبار زۆر خراپە، هەروەها داوا لە حکوومەت دەکەین پێدانی کارەبا وەکو هەرێمی کوردستان چاک بکەن، وەکو سلێمانی و هەولێر و دهۆک.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment