ترەمپ: پێویستە کاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئێران بەردەوام بێت
سهرۆكی ئهمەریكا، دڵنیایی دهدات هیچ ماددهیەک له بنكه ئهتۆمییهكانی ئێران نهگوازراونهتهوه. دهشڵێت: ئهو ئۆتۆمبێلانهشی له نزیك بنكهکان بوون میكسهر بوون و نهمانهێشتووه تەنانەت چیمهنتۆكهشیان وشكبێتهوه و سەرجەم بنكه ئهتۆمییهكهمان تهقاندووهتهوه.
هەینی 27ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە دا، بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناو چوونە، دوای ئەوەی ھەندێک ھەواڵی چەواشەکاری بڵاو کرانەوە ئێستا سەلمێنرا کە ھەموویان ناڕاست بوون.
باسی لەوە کرد، ھەندێک لە ڕۆژنامەنووسان گومانیان لە توانای فڕۆکەوانەکانمان ھەبوو، بەڵام فرۆکەوانی زۆر مەزن و لێھاتوو بوون، بە دیاریکراوی لە ئامانجەکەیان داوە 52 ھەزار پێ و لە شەوێکی تاریک و بێ مانگ و بێ ئەستێرە، ڕێک لە دەرگەی بەفرگرەکەیان داوە، بێجگە لەو بنکە ئەتۆمی فۆردۆ دوو دانەی دیکەشمان لەناو بردوون.
سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: پێم وانییە بەم نزیکانە ئێران بگەڕێتەوە بۆ پرۆگرامی ئەتۆمی، زیاتر لە تریلیۆنێک دۆلاریان لەو پرۆگرامەدا خەرج کردبوو ھیچ شتێکیش لەو بنکە ئەتۆمییانە نەبراوەتە دەرەوە چونکە ماددەی زۆر مەترسیدار و قورسن و ئەو ئەتۆمبێلانەشی لە دەورووبەری بنکە ئەتۆمییەکە بوون میکسەر بوون، کۆنکریت و چیمەنتۆیان دەکردە سەر ئەو کونەی دەچووە ژوورەوە بۆ ناو بنکە ئەتۆمییەکە و دەیانویست تۆکمەتری بکەن.
گوتیشی: پێم وانییە درەفەتی ئەوەش ھەبووبێت چیمەنتۆکە وشک بێتەوە و لێمانداون، بنکە ئەتۆمییەکشمان لە ژێر ملیۆنان تۆن لە بەرد لەناو برد.
لەبارەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، ترەمپ، ڕایگەیاند: توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد و ئێستا داوای دانوستان دەکەن.
هەروەها ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا هەڕەشەی لە ئێران کرد و گوتی: "ئەگەر وڵاتەکە بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم، بیر لەوە دەکەمەوە جارێکی دیکەش بۆردومانی ئێران بکەم."
جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە کاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئێران بەردەوام بێت، یانیش پێویستە ئاژانسێکی دیکەی متمانەپێکراو لەو بوارەدا مافی تەواویی هەبێت بۆ ئەنجامدانی پشکین لە ئێران.