ڕۆیتەرز: ئیسرائیل زیاتر لە 40 زانا و بەرپرسی پلە باڵای ئەمنی ئێرانی کوشتووە

بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنن، لە هێرشەکەیان بۆسەر ئێران 11 زانای ئەتۆمی و 30 بەرپرسی پلە باڵای ئەمنیان کوشتووە.

بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە؛ لەماوەی 12 ڕۆژی جەنگ دژی ئێران، ئیسرائیل توانیویەتی لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا 11 زانای ئەتۆمی و 30 بەرپرسی پلە باڵای ئەمنی ئێران بکوژێت.

بەگوێرەی ڕۆیتەرز، ئیسرائیل 900 ئامانجی جۆراوجۆری لەناو خاکی ئێراندا پێکاوە، هەروەها توانیویەتی زیان بە سیستەمی مووشەکی ئێران بگەیەنێت و ژمارەیەکی زۆر سەکۆی هەڵدانی مووشەک تێکبشکێنێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانیشی کوشت.

ئێران لە بەرانبەردا لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد،  ژمارەیەک لەو موشەکانە کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

دوای 12 ڕۆژ شەڕکردن، دواجار لە کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە بواری جێبەجێکردنەوە.