ئەردۆغان: پێویستە گەلی تورکیا لە دەستووری کودەتا ڕزگاری ببێت

لە نوێترین لێدوانییاندا سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەخت لە پێویستی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان دەکەنەوە. ئەردۆغان ڕایگەیاندووە، دەستووری ئێستا دوای کودەتایەک هاتووەتە ئاراوە و کار بۆ دەستووری نوێ دەکەن.

زۆرینەی بەرپرسانی تورکیا بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە دەستووری ئێستای وڵاتەکەیان بەرهەمی کودەتایە و پێویستییان بە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ هەیە.

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەوبارەوە ڕایگەیاند "دەستووری ئێستا کێشە و کەموکوڕی زۆری تێدایە، گومانی تێدا نییە پێویستمان بە دەستوورێکی نوێ هەیە. بۆ ئەوەی تورکیا بەهێزتر بەرەو پێشەوە بچێت، ئێستا ئەم کاتەیە کە دەستووری نوێ بنووسرێتەوە، ئەم بابەتە تەنیا کاری لایەنێک و کەسایەتییەکی سیاسی نییە، بەڵکوو لەسەر تەواوی لایەنەکانە کاری بۆ بکەن، پرسەکە لە سەرووی پارت لایەنەکانە، بۆیە دەبێت بە وریاییەوە بەردەوام بین لەم کارە، بەبێ ئەوەی بوار بە حیساباتی سیاسی بدەین پێویستە ڕزگارمان بێت لەم دەستوورە، ئامادەین گوێ لە هەر کەسێک بگرین کە قسەی لەسەر دەستوور هەبێت."

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاندووە، دەستووری ئێستا لە قۆناغێکی نائاسایی و دوای کودەتایەک هاتووەتە ئاراوە. گوتیشی، داواکاری دەستوورێکی نوێ لەسەر بنەمای بەڵێنێکە کە لایەنە سیاسییەکان بە بەگەلییان داوە.

ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، ئەو کۆمیسیۆنەی لەناو پارتەکەیان دایانمەزراندووە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ دەستوورێکی نوێ دەستی بە کارەکانی کردووە و کارە بنەڕەتییەکانی دیاری کردووە. گوتیشی: بەشداریی بنیاتنەر و دڵسۆزانەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەم پرۆسەیەدا زۆر گرنگە و ئەوان چاوەڕوانی بەشدراییان دەکەن. ئەردۆغان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئیتر گەلەکەیان پێویستە بە تەواوی لە دەستووری کودەتا ڕزگاری بێت. دەشلێت، بۆ پاککردنەوەی پەڵەی کودەتا لەسەر دەستوور و دیموکراسی وڵاتەکەیان، پێویستییان بە دەستوورێکی نوێیە.

لە ساڵی 1980  کودەتای سەربازی لە تورکیا کرا، دوای دوو ساڵ لە کودەتاکە دەستوورەی ئێستای وڵاتەکە نووسرایەوە، وەک ئامادەکارییەکیش بۆ دەستووری نوێ، ئاکپارتی کۆمسیۆنێکی 11 کەسیی بە سەرۆکایەتی جەودەت یڵماز یاریدەدەری سەرۆک کۆماری تورکیا دامەزراندووە، نەخشەڕێگەی نووسینەوەی دەستوور دیاری دەکەن. هەروەها بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەشداری لە هەندێک کۆبوونەوەی گرنگی کۆمسیۆنەکەدا بکات.