تاران..ڕێوەڕسمی بەخاکسپاردنی دەیان فەرماندە و زانای ئەتۆمی بەڕێوە دەچێت
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی حوزەیرانی 2025، بە فەرمی پرسەی ماتەمین و بەخاکسپاردنی شەست فەرماندەی سەربازیی و زانای ئەتۆمی کوژراو لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە ئێران دەستی پێکرد.
بەگوێرەی وێنە و ڤیدیۆکان کە لە تەلڤزیۆنی ئێرانەوە پەخشکران، خەڵکێکی زۆر بە هەڵگرتنی ئاڵای ئێران و وێنەی فەرماندە سەربازییە کوژراوەکان کۆبوونەتەوە، هەروەها تابوتەکان کە ئاڵای ئێرانیان لەسەرە و وێنەی فەرماندە کوژراوەکان بە جلوبەرگی سەربازییەوە لەسەرە لە گرتە ڤیدیۆکان دەردەکەون.
پرسەی نیشتمانیەکە لە کاتێکدایە کە چوار ڕۆژە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی هێرشکردنەوەی سەر ئێران دەکات ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکان.
کاروانی پرسەکە لە بەیانییەوە لە گۆڕەپانی ئینقلاب لە ناوەڕاستی تاران دەستی پێ کردوە و بەرەو گۆڕەپانی ئازادی دەڕوات.
دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی داوە، ئەمەریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێ دەکاتەوە ئەگەر بێت و بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ بەکارهێنانی بواری سەربازی.
ڕۆژی هەینی، فەرماندەی سوپای محەممەد ڕەسوڵڵای سەر بە سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە لە ڕێوڕەسمێکی فراوانی ماتەمگێڕاندا تەرمی 60 کوژراوی هێرشەکانی ئیسرائیل لە تاران بە خاک دەسپێردرێن، کە فەرماندە و زانا ئەتۆمییەکان و ژمارەیەک خەڵکی ئاسایی تێدایە.
لیوا حەسەن زادە دەڵێت: ڕێوڕەسمی بەشداری ملیۆنی بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدانی هێرشەکانی ئیسرائیل، سبەی شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، لە گۆڕەپانی ئینقلاب تاوەکوو گۆڕەپانی ئازادی بە پیادەڕەوی دەبێت.




