وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ناوی هاوڕەگەزخوازێکی لەسەر کەشتییەک لابرد
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ناوی هاوڕەگەزخوازێکی لەسەر کەشتییەکی هێزی دەریایی لابرد و دەڵێت: ناوی کەشتییە سەربازییەکان، تێکەڵی سیاسەت ناکەن.
پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گۆڕینی ناوی ئەو کەشتییەی هێزی دەریایی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە ناوی هارڤی میلک، سیاسەتەمدار و یەکێک لە چالاکوانانی پاراستنی مافی هاوڕەگەزخوازانی لەسەر بوو.
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ناوی کەشتییەکەی کردە "ئۆسکار پیتێرسۆن" ئەو سەربازە ئەمەریکاییەی لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم، لە کاتی ڕزگارکردنی ژیانی چەند هاوڕێیەکی، بریندار ببوو و بەهۆی سەختی برینەکەی، گیانی لە دەستدا و دواتر مەدالیای ڕێزلێنانی پێ بەخشرا.
I am pleased to announce that the United States Navy is renaming the USNS Harvey Milk to the USNS Oscar V. Peterson.
— Secretary of Defense Pete Hegseth (@SecDef) June 27, 2025
We are taking the politics out of ship naming. pic.twitter.com/2ypwAQGdAl
هێگسێس لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، پێچەوانەی ئیدارەکانی پێشووی ئەمەریکا، ناوی کەشتییە سەربازییەکان، تێکەڵی سیاسەت ناکەن و پێویستە هاووڵاتییان شانازی بەو کەشتییانەوە بکەن کە تێیدا گەشت دەکەن.
هارڤی میلک یەکەم سیاسەتەمداری ئەمەریکا بوو هاوڕەگەزخوازی خۆی ڕاگەیاندبوو و بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتیوانیی خۆی بۆ مافی هاوڕەگەزخوازان دەربڕی. ساڵی 2016 لە نێو هۆڵێکی بۆنەکان، لە سان فرانسیسکۆ بە دەستڕێژیی گولـلە کوژرا. دواتر لەسەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما، ناوەکەی لەسەر کەشتییەکەی هێزی دەریایی ئەمەریکا دانرا.
ئەو چالاکوانە پێشتر بۆ ماوەی چوار ساڵ لە هێزی دەریایی ئەمەریکا، لە کۆریا خزمەتی سەربازیی کردووە، بەڵام دوای ئاشکرابوونی هاوڕەگەزخوازییەکەی، لە ڕیزەکانی سوپا دوور خراوەتەوە.