سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی: نازانین یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران لە کوێیە
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی جەخت دەکاتەوە، هەرگیز بە ڕێگەی سەربازی ناتوانرێت کۆتایی بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بهێنرێت. دەشڵێت: نازانین ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی لە کوێ شاردووەتەوە.
شەممە، 28-06-2025، ڕافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە نوێترین لێدوانی ڕۆژنامەوانیدا بۆ تۆڕی هەواڵی (سی بی ئێس)، باسی لە جەنگی ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل و گواستنەوە و شاردنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێرانی کرد.
بەرەبەیانیی یەکشەممە، 22-06-2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان)ـیان لە ناوخۆی ئێران بۆمباران کرد.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی باسی لەوە کرد، دەکرێت بەشێکی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا لەنێو چووبێت، بەڵام ئەگەر هەیە، بەشێکی بۆ شوێنێکی نهێنی گواسترابێتەوە. گوتیشی: تا ئێستاش نازانین، ئێران، یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بۆ کوێ گواستووەتەوە.
گرۆسی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "ئێران بەرنامەیەکی فراوان و زۆر پێشکەوتووی تەکنەلۆژیی ئەتۆمی هەیە؛ هەرگیز ناتوانرێت بە کردەی سەربازیی هەموو بەرنامەکە لەنێو بچێت، بۆیە دەبێت بە گفتوگۆ لەسەر بابەتەکە بگەینە ڕێککەوتنێکی گشتگیر."
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی چوارشەممە، 25-06-2025، ڕافائێل گرۆسی لە ڕاگەیەنراوێکدا داوای دەستپێکردنەوەی هاریکاری لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران کرد بۆ چارەکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و دووپاتی کردەوە "هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کلیلی سەرکەوتنی رێککەوتنێکی دیپلۆماسییە بۆ چارەسەرێکی درێژخایەنی کێشەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران."
لە وەڵامیدا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پەرلەمانی ئێران دەنگی دا وەبە ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، تا ئەوکاتەی گەرەنتیی سەلامەتی و ئاسایشی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکرێت.