ئێران بڕیاری داوە کامێرا چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لا بدات
بە گوێرەی ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی، حکوومەتی ئێران بڕیاری داوە هەموو کامێرا چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی خۆی لا بدات.
شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، دوای بڕیاری هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە، حکوومەتی ئێران بڕیاری داوە هەموو کامێرا چاودێرییەکانی ئاژانسەکە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکاندا لا بدات.
هەروەها ڕوونیشی کردووەتەوە، حکوومەتی ئێران بانگهێشەی ئەوە دەکات کە ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەو کامێرانەوە داتای نهێنییان لە بارەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەست کەوتووە.
ساڵی 2015، حکوومەتی ئێران لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 1+5 ڕێگەی بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دا، ئامێری تایبەت بە چاودێریی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکاندا جێگیر بکات، بۆ ئەوەی ئەو دامەزراوانە لە ژێر کۆنترۆڵی ئاژانسەکەدا بن.
چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، پەرلەمانی ئێران پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکانی بۆ ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆم، پەسەند کرد.
ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە ڕاگەیەنراوێکدا داوای دەستپێکردنەوەی هاریکاری لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران کردبوو بۆ چارەکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و دووپاتی کردبووە "هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کلیلی سەرکەوتنی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسییە بۆ چارەیەکی درێژخایەنی کێشەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران."
لە وەڵامی گرۆسیدا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند" پەرلەمانی ئێران دەنگی دا وە بە ڕاگرتنی هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، تا ئەوکاتەی گەرەنتیی سەلامەتی و ئاسایشی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکرێت."