شەمخانی: دەمانزانی هێرشمان دەکرێتە سەر

عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران

ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەڵێت: ئێمە دەمانزانی هێرشمان دەکرێتە سەر، بۆیە پلانیشمان داڕشت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە، چونکە ئێمە دەزانین تواناکانی خۆمان چەندە. گوتیشی: من زۆر ئازاری ئیسرائیلم داوە، بۆیە دەیانویست بمکوژن.

شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە میانەی چاوپێکەونێکی تەلەفیزیۆنیدا، گوتی: بەر لەوەی ماڵەکەم بۆمباران بکرێت، من لە ژووری خۆم نووستبووم، خێزانەکەشم لە ژوورەکەی تەنیشتم خەوتبوو. کاتی نوێژ نزیک ببووەوە خەریک بوو بە ئاگا دەهاتم، لە پڕ هەموو ژوورەکەم بەسەر یەکدا کەوت، بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەژێر داروپەردووی ماڵەکەمدا مامەوە و نوێژیشم لەژێر داروپەردووکەدا کرد.

ڕاوێژکاری خامنەیی، ئاماژەی بەوە دا، کاتێک ژوورەکەم بەسەرمدا کەوت، سەرەتا وامزانی بوومەلەرزەیە، بەڵام دواتر گوێم لە دەنگی ئۆتۆمبێل بوو، زانیم بوومەلەرزە نییە و ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەرمان.

شەمخانی، دەڵێت: دەزانم بۆچی ئیسرائیل ئامانجی بوو من تیرۆر بکات، بەڵام ئێستا ناتوانم باسی هۆکارەکەی بکەم، تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە ئیسرائیل لەلایەن منەوە زۆر ئازار دراوە.

هاوکات شەمخانی، باسی لە دۆخی تەندروستی خۆی کرد و ڕایگەیاند: قەفەزەی سینگم شکاوە، هەروەها سەرەتا هەواڵی ناڕاستیان بڵاو کردەوە کە گوتیان قاچمیان  بڕیوەتەوە، بەڵام قاچم نەبڕاوەتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، تەنانەت بۆ ساتێکیش لە هێرشی ئیسرائیل نەترساوە.

ڕاوێژکاری خامنەیی، باسی لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا کرد و گوتی: دانوستانەکان بۆ ڕێککەوتن نەبوون، بەڵکو بۆ فریودانی ئێمە و دروستکردنی پشێوی بوو لە وڵاتەکەمان، بەڵام خەڵکی ئێمە وانەیەکیان دا بە ئەمەریکاییەکان و ئیدی تێگەیشتن کە گەمژەن.

شەمخانی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد، ئێمە دەمانزانی هێرش دەکرێتە سەرمان، بۆیە پلانێکیشمان دانابوو بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە، چونکە ئێمە دەزانین تواناکانی خۆمان چەندە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا، ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر  تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.