گرۆسی: ئێرانییەکان لە چەند مانگێکدا دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەنەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ڕایگەیاند، ئێران دەتوانێت لە ماوەی چەند مانگێکدا دەست بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بکات، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، زیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی گەیشتووە.

ڕافایل گرۆسی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'سی بی ئێس نیوز'دا گوتی:  هەر وەک دەزانن، ئێرانییەکان دەتوانن لە ماوەی چەند مانگێکدا، چەند سەنتەرفیوجێک بخەنەکار بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو. ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە نازانین ئەو ماددانە لە کوێن."

گرۆسی ڕاشیگەیاند "ڕەنگە بەشێک لەو ماددانە لە هێرشەکەدا لەناوچووبن، بەڵام ڕەنگە هەندێکی گوازرابێتەوە، ئەوە دەبێت ڕوون بکرێتەوە"، جەختیشی کردەوە "پێویستە ڕێگەمان پێ بدرێت لێکۆڵینەوە بکەین بزانین چی لەوێ ماوە؟ لە کوێن و چی ڕووی داوە؟"

ڕۆژی پێنجشەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی دوای 12 ڕۆژی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل گەورەن. هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران "دەیان ساڵ " دوا خراوە .

پەرلەمانی ئێران، دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، دا. هەروەها تاران داواکەی گرۆسی بۆ سەردانی شوێنە زیانلێکەوتووەکان بەتایبەتی دامەزراوەی ئەتۆمی سەرەکی فۆردۆ، ڕەت کردەوە .