بەشێکی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا گەڕانەوە سەر کارەکانیان
بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دوای چۆڵکردنی، گەڕانەوە سەر کارەکانیان.
ئاژانسی 'ئەسۆشیەتت پرێس' بڵاوی کردووەتەوە، دوای چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکە بۆ ماوەیەکی کاتی بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە، بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای ١٣ی ئەم مانگەوە، باڵیۆزخانەکانی ئەمەریکا لە ژمارەیەک وڵاتی کەنداو بەهۆی مەترسیی شەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە، کارمەندە سڤیلەکانیان گواستەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بەشێکی کارمەندان گەڕاونەتە سەر کارەکانیان، لەناویشیاندا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا.
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێ کردنەوە.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، بۆ ماوەی 12 ڕۆژ، تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیلی بە مووشەکی بالیستی بۆمباران دەکرد.