سوپای ئیسرائیل کوشتنی سەرکردەیەکی حەماسی ڕاگەیاند
سوپای ئیسرائیل کوشتنی 'حەکەم عیسا'ـی ڕاگەیاند، کە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی حەماس دادەنرێت.
یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، شەوی ڕابردوو لە بۆمبارانێکی گەڕەکی سەبرە لە غەززە، حەکەم عیسا، کوژراوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، حەکەم، بەرپرسی ناوەندی پشتیوانی و مەشق و ڕاهێنانی لیواکانی قەسام بووە.
تا ئێستا حەماس هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی دەربارەی کوشتنی حەکەم عیسا بڵاو نەکردۆتەوە.
حەکەم عیسا، دامەزرێنەری دیاری باڵی سەربازیی حەماس 'لیواکانی عزەددین قەسام'ە و بە "ئەبو عومەر ئەلسوری" ناسراوە. لە ساڵی 2005 لە سووریا لەدایک بووە، شارەزایی خۆی گواستووەتەوە بۆ غەززە و لە بواری گەشەپێدان و ڕاهێنان لەناو ڕێکخراوەکەدا کاری کردووە.
حەکەم عیسا، پۆستی جۆراوجۆری هەبووە، لەوانە بەرپرسی بەشی مەشق و ڕاهێنان، بەرپرسی بەڕێوەبەریی و پشتیوانی کارگێڕی و ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی سەربازی بزووتنەوەکە بووە.
لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ەوە، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێ کردووە و زیاتر لە 189 هەزار فەڵەستینی کوژراون و برینداربوون، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن، ئەمە جگە لەوەی هەزاران کەس بێسەروشوێنن و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوون. ئەمەش لەکاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوانەکە بە کۆمەڵکوژی ناودەبات و داوای کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەکات، بەڵام تەلئەڤیڤ پشتگوێی خستووە.