فڕۆکەیەکی ئێف 16ی ئۆکرانیا خرایە خوارەوە

فەرماندەیی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی ئێف 16 لە کاتی بەرپەچدانەوەی هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ڕووسیا، پێکراوە و کەوتووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەشی کوژراوە.

فەرماندەییەکە, ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی بڵاوی کردووەتەوە "شەوی ڕابردوو، ڕووسیا هێرشێکی فراوانی بە مووشەک و درۆن کردووەتە سەر ئۆکرانیا، لە کاتی بەرپەچدانەوەی هێرشەکە، فڕۆکەیەکی 16ی سەر بە‌هێزەکانمان، دوای تەقاندنەوەی حەوت درۆن و مووشەک، دواجار پێکراوە و کەوتووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەش کوژراوە."

لە دەستپێکی جەنگی نێوان ڕووسیا و  ئۆکرانیا، ڕووسیا بەردەوام هێرشی ئاسمانیی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکاتە سەر ئۆکرانیا. لەو ماوەیەشدا، ئۆکرانیا چەندان فڕۆکەی ئێف 16 ی لە دەست داوە. ئەو فڕۆکانە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە، وەک هاوکاریی سەربازی دراونەتە ئۆکرانیا.

بە گوێرەی میدیای ناوخۆی ئۆکرانیا، دوێنێ شەو، ڕووسیا بە 477 درۆن و 60 مووشەک هێرشێکی فراوانی کردووەتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام تاوەکوو ئێستا زیانە گیانی و ماددییەکانی ‌هێرشەکە بە تەواوی نەزانراوە.