سووریا ڕاستیی هەوڵی کوشتنی ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، دەسەڵاتدارانی سووریا ڕەتیان کردووە هەوڵی کوشتنی ئەحمەد شەرع درابێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ڕاگەیاندنی سووریا بە ئاژانسی هەواڵی 'سانا'ـی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، "ئەو هەواڵەی لە میدیدکان بڵاو کراوەتەوە کە گوایە سوپای سووریا و هەواڵگریی تورکیا هەوڵێکی کوشتنی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریایان لەکاتی سەردانی بۆ دەرعا پوچەڵ کردووەتەوە، ڕاست نییە."

چەند میدیایەک بڵاویان کردەوە گوایە لەکاتی سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ دەرعا، هەوڵی کوشتنی دراوە، بەڵام سوپای سووریا و هەواڵگریی تورکیا هەوڵەکەیان پوچەڵ کردووەتەوە.

میدیاکان هەروا ڕایانگەیاندووە، هەوڵی کوشتنی سەرۆکی سووریا، لەلایەن شانەیەکی سەر بە ڕێکخراوی داعش بووە.