سوپاسالاری ئێران لە پابەندبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست بە گومانە
سوپاسالار و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت: ئێمە دەستمان بە جەنگ نەکرد، بەڵام بەهەموو توانایەکەوە وەڵامی دەستدرێژییەکانمان دایەوە و ئێستا لە پابەند بوونی ئیسرائیل بە ئاگربەست بە گومانین.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران، بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی حوزەیرانی 2025، عەبدولڕەحیم مەوسەوی، سوپاسالار و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە کردووە و جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران بەرانبەر بە ئیسرائیل و ئەمەریکا و دۆخی ناوچەکەیان، تاوتوێ کردووە.
بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی تەسنیم، سوپاسالاری ئێران بە وەزیری بەرگریی سعوودییەی ڕاگەیاندووە "وڵاتەکەی دەستپێکەری جەنگەکە نەبووە، بەڵام بە هەموو توانا و هێزێکەوە بەرپەرچی هێرش و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی داوەتەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە کاتێکدا بوون، کە شاندی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا لە دانوستانی ناڕاستەوخۆ بوون، هەربۆیە گومانی لە ئیسرائیل هەیە پابەندی ئاگربەست بێت."
ئاماژە بەوەش کراوە، وەزیری بەرگریی سعوودییەش سەرەخۆشیی کوژرانی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و هێزەکانی دیکەی ئێران لە عەبدولڕەحیم مەوسەوی کردووە و ڕایگەیاندووە "سعوودییە سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی سەر ئێرانی کردووە و بۆ ڕاگرتنی جەنگەکەش هەوڵێکی زۆری داوە. هەروەها جەختی لە فراوانکردنی پەیوەندییە دوولایەنەی ڕیاز و تاران کردووەتەوە لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و ئاماژەی داوە، تاران و ڕیاز ڕۆڵێکی کارا و کاریگەرییان دەبێت.
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی سێشەممە، 24-06-2025، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێ کردنەوە.
سەرەتای جەنگەکە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینییەوە، 13-06-2025، دەستی پێ کرد، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە تاران و چەندان شوێنی دیکەی ئێرانی بۆمباران کرد. هاوکات ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت.
ئێرانیش لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، بۆ ماوەی 12 ڕۆژ، تەلئەڤیڤی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی ئیسرائیلی بە مووشەکی بالیستی بۆمباران دەکرد.