ئێران کوژرانی فەرماندەیەکی کارای سوپای قودسی ڕاگەیاند
میدیاکانی ئێران هەواڵی کوژرانی ئەبوفەزڵ نیکویی، ناسراو بە (حاجی یونس)یان بڵاو کردەوە، کە نزیکترین فەرماندەی چەکداریی نزیک لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس بووە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ئەمڕۆ، یەکشەممە، 29ـی حوزەیران 2025، لە هەواڵێکدا کوژرانی حاجی یونسی ڕاگەیاندووە، کە یەکێک بووە لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودس و کەسێکی نزیکی حاجی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی ئەو سوپایە بووە.
ئاژانسەکە، هەرچەندە کات و شوێنی کوژرانی ئەم فەرماندە باڵایەی سوپای قودسی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژەی داوە، کە لە جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کوژراوە، هاوکات ئاماژەی بە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی کردووە، کە بە ڕادەیەک قاسم سولەیمانی، لە بەشێک لە کارو چالاکییەکانی ڕاوێژی پێ کردووە و بۆچوونەکانی بە هەند وەرگرتووە.
هەروەها نووسیویەتی، حاجی یونس ماوەی 8 ساڵ بەرپرسی دۆسییەی سووریا بووە و هەر لەوێش سەرپەرشتیی چالاکییەکانی سوپای قودسی کردووە و تا ڕادەیەکی زۆر شارەزایی باری سیاسی و ئابووری و تەنانەت جوگرافی و کۆمەڵایەتیی سووریا بووە.