ترەمپ: ئەگەر ئێران نیازپاکی نیشان بدات سزاکانی لەسەر هەڵدەگرین

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ڕەنگە سزاکانی سەر ئێران هەڵگرین، ئەگەر وڵاتەکە نیازپاکی نیشان بدات. جەختی لەوەش کردەوە، ئێستا ئێران بیر لە گەڕانەوە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکاتەوە.

یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، گوتی: بەر لە هێرشەکانمان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، هیچ یۆرانیۆمێکی پیتێنراو نەگوزاربووەوە و مووشەکەکانمان ئامانجەکانیان پێکاوە.

سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: ئێستا ئێران بیر لە گەڕانەوە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکاتەوە، هەروەها ڕەنگە سزاکانی سەر ئێران هەڵگرین، ئەگەر وڵاتەکە نیازپاکی نیشان بدات.

گوتیشی: ئێران چەند هەفتەیەکی مابوو ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم، هەروەها تێچووی جەنگی 12 ڕۆژە لەسەر ئێران زۆر بوو.

ترەمپ لەبارەی ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی، ڕایگەیاند: چەندین وڵات ئامادەییان خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بێنە ناو ڕێککەوتنەکەوە. لەبارەی چین، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ڕێککەوتن لەگەڵ چین کارێکی مەزنە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانـیان لە ئێران بۆمباران کرد. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەبارەی هێرشەکەیان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند: هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە بریتی بوون لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان.

گوتیشی: پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمەریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە.