ئۆکرانیا سزای بەسەر 148 کەس و کۆمپانیای رووسیادا سەپاند

ئۆکرانیا سزای بەسەر 148 کەسایەتی و کۆمپانیای پەیوەندیدار بە پیشەسازیی بەرگریی رووسیا سەپاند، هاوکات هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی زیانی ژێرخانە هەستیارەکانی وڵاتەکەی چڕکردەوە.

ئاژانسی ئۆکرینفۆرمی ئۆکرانی ئاشکرای کرد، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دوو فەرمانی سەرۆکایەتیی لەو بارەیەوە دەرکردووە، کە دوو پاکێجی سزا لەخۆدەگرێت و 81 کەس و 67 کۆمپانیای رووسیای کردە ئامانج.

پاکێجی یەکەم 44 کەس و 31 کۆمپانیای رووسی لەخۆدەگرت کە لە بوارەکانی دابینکردن، پشتیوانیی لۆجستی، بەرهەمهێنانی کەرەستەی ورد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی رۆبۆتیدا کار دەکەن؛ لەنێو کۆمپانیاکانیشدا هەریەک لە "سابسان"، "مافیتک" و "سیگنال" هەن.

پاکێجی دووەم 37 کەس و 36 کۆمپانیای لەخۆگرتبوو، لە دیارترینیان کۆمپانیای "ئەگریگات"ـە کە کەرەستەی فڕۆکە و هێلیکۆپتەر، لەوانەش فڕۆکەی "سو-34" بەرهەم دەهێنێت، لەگەڵ کۆمپانیای "رووسی" کە لە بواری سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کار دەکات. سزاکان هەروەها ئەو لایەنانەشی گرتەوە کە لە پەرەپێدانی رۆبۆتی زەمینیدا کار دەکەن، لەگەڵ یەکەیەکی سەربازیی رووسی کە بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی پێگەی "کاپوستین یار".

ڤلادیسلاڤ ڤلاسیوک، راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا و کۆمیسیاری سیاسەتی سزاکان گوتی "ئەم رێکارانە ئامانجیان ئەوەیە کۆمپانیا رووسییەکان لە دەستگەیشتن بەو کەرەستانە بێبەش بکەن کە بۆ پیشەسازییەکانیان پێویستن، هەروەها رێگرییان لێ بکرێت سوود لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان وەربگرن".

ئەو راوێژکارە داواشی لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کیێڤ کرد رێکارەکانیان هەماهەنگ بکەن و مەودای سزاکان بەرفراوانتر بکەن.

دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا لە هەمان کاتدا پلانیان داناوە رێکارەکانی پەیوەست بە رووماڵی میدیایی ئەو هێرشانە توندتر بکەن کە ژێرخانە هەستیارەکان، بەتایبەت دامەزراوەکانی کەرتی وزە دەکەنە ئامانج.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرۆکی ئۆکرانیا فەرمانێکی دیکەی دەرکرد، داوای گرتنەبەری رێکاری بەپەلە دەکات بۆ رێکخستنی بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی قەبارەی زیانەکان، کاریگەریی هێرشەکان، خشتەی نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە زیانلێکەوتووەکان و رێکارەکانی پاراستنیان.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە دامەزراوەکانی وزەی ئۆکرانیا بەردەوام رووبەڕووی هێرشی دووبارە دەبنەوە، ئەوەش بووەتە هۆی پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی گەرمکەرەوە، کارەبا و ئاو لە ژمارەیەک ناوچەدا.

لەلایەکی دیکەوە دمیترۆ لیتڤین، راوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا دانی بەوەدا نا، جێبەجێکردنی ئەو سنووردارکردنانە ئاسان نییە و روونیکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە کەناڵی نادیار لە ئەپڵیکەیشنی تێلگرام هەن، زانیاری و وێنەی شوێنە ئامانجکراوەکان و زیانەکانی هێرشەکان بڵاو دەکەنەوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ـەوە، مۆسکۆ و کیێڤ رێکاری جیاوازی سانسۆری سەربازییان لەسەر رووماڵی میدیایی جەنگەکە گرتووەتەبەر. رووسیا سانسۆرەکانی لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیاری و لێدوانە گشتییەکان توندتر کردووە و زۆرێک لەو رووماڵانەشی بە تاوان ناساندووە کە پێچەوانەی گوتاری فەرمیی دەوڵەتن، لەوانەش قەدەغەکردنی بەکارهێنانی وشەی "داگیرکاری" بۆ وەسفکردنی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا.