پزیشکیان: پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەدەین
ماکرۆن بۆ پزیشکیان: بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ
سەرۆکی ئێران ڕایگەیاند، بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکارییەکان و یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەڵ داتەوە.
یەکشەممە 29ـی حوزەیرانی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە.
گوتیشی: بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکارییەکان و یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە هاوکارییەکی تەواوی لەگەڵ ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو هەبێت، بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکانی هەڵبداتەوە.
پزیشکیان ئاماژەشی داوە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، هەڵگری پەیامی ئاشتی و برایەتی و پەرەپێدانە بۆ جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەبێت، چونکە کەنداو هێمای ئاشتی و هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکەیە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران خستە ڕوو و نووسیویەتی: بە سەرۆکی ئێرانی ڕاگەیاندووە، پێویستە لەپێناو گێڕانەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە، تاران ڕێز لە ئاگربەستی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل بگرێت.
هاوکات بۆ چارەکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەک بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ئێران، ماکرۆن داوای کردووە ئێران پابەندی چوارچێوەی پەیماننامەی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بێت و بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەتی بەرنامەکە ڕێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدات لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان کار بکات.