گۆڕینی ناوی شەقامێکی تاران، میسر خۆشحاڵ دەکات

بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، لەسەر بڕیاریی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ گۆڕینی ناوی شەقامی خالید ئیسلامبۆلی لە تارن، ئەو ئەفسەرە میسرییەی بەشداریی کوشتنی ئەنوەر ساداتی کرد، هات دەنگ.
لە یەکەم لێدوانی فەرمی میسر دەربارەی بڕیارەکەی ئێران، وەزیری دەرەوەی میسر، پیشوازیی لەو هەنگاوە کرد و بە هێمای پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان خۆیان و ئێران ناوی برد.
بەدر عەبدولعاتی، ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکەیان لە ئاستی ناوچەکەدا ئەرێییە، گوتیشی: بڕیارەکەی ئێران بۆ گۆڕینی ناوی شەقامەکە هەنگاوێکی باشە.
جەختیشی کردەوە "ئێمە پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئێران دەکەین بۆ گۆڕینی ناوی شەقامەکە کە بە ناوی بکوژی سەرۆک کۆماری میسر ئەنوەر سادات کرابوو، هیوادارین پەیوەندییەکانمان بۆ ئاستیی دیپلۆماسی بگەڕێتەوە."
وەزیری دەرەوەی میسر باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی میکانیزمێک بۆ ڕاوێژ لەگەڵ ئێران دەست پێ دەکات، لەگەڵ گفتوگۆکردن و کرانەوە لە کەرتی بازرگانی، ئابووری و گەشتیاریدا.
وەزیرەکە ئاماژەی بە "نیگەرانیەکان" سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە کرد، بەڵام جەختی کردەوە، کە پەیوەندییەکان بە باشی بەرەو پێش دەچن، گەشبینی دەربڕی بەرامبەر بە گەیشتن بە پێشکەوتنێکی هەمەلایەنەی دیپلۆماسی.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاریان دا ناوی شەقامی خالد ئیسلامبۆلی لە ناوچەی 6ـی تاران کە بە "وەزیران" ناسراوە، بگۆڕن بۆ ناوی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی پێشووی حزبوڵڵای لوبنانی کە 27ـی ئەیلوولی 2024، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا.