دێرەزوور.. گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبووندا دۆزرایەوە

گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ڤێلاکانی 'ئەلرواد' لە ڕۆژئاوای دێرەزوور، دۆزرایەوە.

لە کاتی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا، غەسان سەید ئەحمەد، پارێزگاری دێرەزوور، داوای لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد بەدواداچوونی پێویست بکەن و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیش سەرپەرشتی هەڵدانەوەی تەرمەکان بکات و هەوڵی ناساندنەوەی قوربانییەکان بدات.

ئاژانسی هەواڵی سانای سووریا، لەسەر زاری سەرچاوەیەکی بەرگریی شارستانی، بڵاوی کردەوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکە لەلایەن ئاسایشی تاوانی پارێزگای دێرەزوور و دەزگا ئەمنییەکانی دیکەوە دۆزراوەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ڕاگەیاندنی دۆزینەوەکە دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی چوونەتە شوێنەکە و هەموو ڕێکارە پێویستیەکانیان گرتووتەبەر و کارەکانی هەڵدانەوە و پشکنین بەردەوامە.

ئەو سەرچاوەیە پێشبینی بوونی گۆڕ و تەرمی دیکەی لە هەمان ناوچەدا کردووە بەهۆی نزیکیی لە خاڵە ئەمنییەکانی سەر بە هێزەکانی ڕێژیمی پێشوو،  کە  بەدرێژایی 14 ساڵ دانیشتوانی ناوچەکەی دەستبەسەر کردووە و دواتر کوشتوونی و تەرمەکانیانی شاردۆتەوە.

خەڵکی دێرەزوور بە دەستی هێزەکانی ڕژێمی پێشوو کۆمەڵکوژ کراون، تەرمەکانیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا شاردراوەتەوە، چ لە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون و چ لە جەرگەی پارێزگاکەدا، هەروەها پێ دەچێت دەیان گۆڕی لەو جۆرە لە دێرەزوور هەبن.